بانگەوازی ژمارە ١٣ی «ناوەندی سەرهەڵدانی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان» بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی جوانڕۆ

 

چلەی شەهیدانی جوانڕۆ و ساڵیادی سەرهەڵدانی بەفرانباری ١٣٩۶

 

سەرهەلدانی شۆڕشگێڕی لە سەر بنەمای بزوتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» تا ئێستاش بە خواستی ئازادی لە هەموو ئێران بەردەوامە.دەتوانرێ لە ڕۆژانی ٧ و ٨  بەفرانبار بە بۆنەی ساڵیادی سەرهەڵدانی ١٣٩۶ و لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ بەفرانبار بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی جوانڕۆ، پیرانشار، سنە، سەقز، دێگوڵان، بۆکان و چەند شارێکی دیکە  گڵپەی ئەو سەرهەڵدانە بە گەشاوەیی بەردەوام بکەین.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١۴٠١ هێزە بکوژەکەی سپای پاسداڕانی رژێمی ئێران لە شاری جوانڕۆ مامۆستا قوتابخانە  بە ناوی «عیرفان کاکایی» و  هەروەها «بەهای وەیسی» تازەلاوی ١۶ ساڵانیان شەهید خست. سەرلەبەیانی ٣٠ گەڵاڕێزان خەڵکی بەغیرەتی جوانڕۆ بە جەماوەریانە بەشداریان لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو دوو شەهیدە کرد.هەر لەو ڕێکەوتە دا هێزە بکوژەکانی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی نەباو بێبەزییانە خەڵکی جوانڕۆیان دایە بەر دەستدرێژی گولە و ئەو ڕێوڕەسمە خەڵتانی خوێن کرا. لە ڕێکەوتەدا لە شارەکانی پیرانشار، سنە، سەقز، دێگوڵان، بۆکان و چەندین شاری دیکەش لانیکەم ١۴ کەس لە سەرهەڵدێران شەهیدکران. لە ڕۆژی ١ی سەرماوەزدا سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ورمێوە تا لۆڕستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ جاری هەشتەم مانگرتنی سەراسەریان  ڕاگەیاند. لەبیرنەکەین لە ڕۆژی ٢۵ی گەڵاڕێزاندا «دانیاڵ پابەندی» تازەلاوی ١٧ ساڵان و هەر لە ٢۶ ئەو مانگەدا «عەبدوڕەحمان بەختیاری» مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز شەهیدکران.

پارێزگاری لە خوێنی شەهیدان دەتوانێ نیشاندەری بەردەوامی ئێمە لەسەر ڕێباز و ئامانجەکانی شەهیدان بێت. ڕووحی ئەو شەهیدانە بەگوڕکردنی گڵپەی ئاگری ئەو سەرهەڵدانە ئارام دەگرێ. تێپەڕینی کات و زەمان ناتوانێ وێنەی شەهیدان لە بیرماگی سەرهەڵدێران بسڕێتەوە و  سستی بخاتە ناو پێداگری لە سەرداخوازییەکانی ئەوان. پابەندی و بەردەوامبوونی ئێمە لەسەر ڕێبازی شەهیدان قەرزی ئێمەیە دەرحەق بە مرۆڤایەتی و ئازادی. پێناسەی خۆڕاگری ئێمە بەوان گرێداراوە و ئەوە تێکۆشانێکە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەوان. بەو زانا بوونەوە بەسەر تەواوی کەندوکۆسپەکانی سەرهەڵدان و شۆڕشدا سەردەکەوین.

«ناوەندی سەرهەڵدانی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان» ڕادگەیێنێت کە ئێمە وەک گەلی شۆڕشگێڕ لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی خوێناوی جوانڕۆ و شارەکانی دیکە بۆ بەرزڕاگرتنی خوێنە ڕژێندراوەکانی شەهیدان و ڕێزگرتن لە ئازادی، بە هەموو توانامانەوە سەرهەڵدان لەسەرپێڕادەگرین. ناڕەزایەتی و مانگرتن لە چلەی شەهیدان کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی سەرهەڵدانی بەفرانباری ١٣٩۶ ، ئەرکی تاک بەتاکی ئێمەی گەلی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە. سەرهەڵدانی ئێمە نا یەکی گەورە بە کوشتن و سێدارەیە. ئەو سەرهەڵدانە بەخرۆشە لە پێناو پێگەیاندنی شۆڕشێکی ڕاستەقینەیە و هەرگیز سەرکوت ناکرێ.

-بەرز و بەڕێزبێ یادی شەهیدانی شۆڕشی نوێ.

-شەهیدان نامرن

-بژی سەرهەڵدانی گەلی شۆڕشگێڕ

 

                                                               ناوەندی سەرهەڵدانی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان

                                                                                   ۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢

نظرات

نظر (به‌وسیله فیس‌بوک)