ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی بە هەموو باشی و کۆسپەکانیەوە تێپەر بوو و کۆمەڵێک بوویەر و رووداوی لە گەڵ خۆی تێپەڕاند. لەم ساڵەدا بەربەرەکانێ گەل و دەسەڵات گەییشتۆتە ئاستی دەستەویەخە و بە راپەڕینی گەل و دەستپێکی شۆڕشی ژن ئەم شۆڕشە خۆی گەیاندە لووتکەی خۆی. ئەم شۆڕشە، نیشانی دا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی کراوەتە نەریتێکی ناوچەیی، بەم دەستپێشخەریەی ژنان و گەنجان، بە تایبەت پێشەنگایەتی ژنی کورد، ئەم تابۆیە شکا و تابڵۆیەکی راستین و سرووشتی کۆمەڵکەی ئێمەی دەرخست کە بە جوانی و لە سەر بنچینەی خۆی دەرخستەوە کە دیوی جوانی تابلۆ حەقیقەتی کۆمەڵگەکەمانی بۆ جیهانیان دەرخست، بویە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد بوو بە نموونەیەکی بەرچاو و کلیدی، نەتەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکوو بۆ هەموو جیهانیان. بنگەی شۆڕشی ژن تەنیا بەرەنگاربوونەوەیەکی ئاسایی نیە بەڵکوو واتای ئیرادەی بەرێکخستن کردن و بنیادنانێکی بنچینەییە کە ئەگەر بەربەست و کێشەی بۆ دەرنەخرێت و بەلاڕێدا نەبردرێت، لە درێژەی خۆیدا گۆڕینی هزری جەماوەری لەگەڵ خۆی دێنێت و لەم پڕۆسەیەدا شاهیدی رێنسانسێکی فکری، هزری و جەماوەری دەبین و بناخەی سیستەمێکی نوێی کۆمەڵگە لە گەڵ خۆی دێنێت. بۆیە ئەم رووداوانەی ئەمڕۆکە بە پێشەنگی ژنانی کورد روو دەدەن، مێژووسازن و بناخەداڕێژەری ژیانێکی نوێ و دیمۆکراتیکە.

بەردەوامی خۆپێشاندانەکان چوار مانگی تێپەڕاندووە و گەلان بە گشتی لە ئێران خواست و ویستی خۆیان بەردەوام بە تێکۆشان داوا دەکەن و گەیاندوویانەتە قۆناخی فیناڵ لە گەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی رژێمی ئێران.

ئەم رەوشەی کە ئەمڕۆکە رووبەڕووی بووینەتەوە دەرئەنجامی تێکۆشانی هەزاران ئینسانی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە کە بە کەد و زەحمەتی خۆیان و تەنانەت بە پێشکەشکردنی گیانی خۆیان ئەمڕۆکەیان پێکهێناوە. تێکۆشانێکی بەردەوام و بە ئامانج لە پێناو گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی کۆمەڵگە، بێگومان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە بنگەیەکی بەهێز لە سەر تێکڕمانی دیکتاتۆریەت و هەنگاونانەوە بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە سەر ئەساسی مودێڕنیتەی دیمۆکڕاتیک، ژێرخانی خۆی دابڕێژێتەوە و گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد لە ناوچەکە، بتوانن بە ناسنامە و کەسایەتی خۆیان بە ئازادی ژیان بکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم یادێک لە هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان و هەموو هەڤاڵانی تێکۆشەر کە هەموو ژیانی خۆیان تەرخان کرد بۆ تێکۆشان بکەمەوە، هەڤاڵانێ وەک رێزان، زاگرۆس، سیروان، جەنگاوەر، ئاریوان، ئیقبال، کەماڵ، شەوگەر، بێریوان، ئارگەش و بە سەدان قارەمانی تر کە بوونە هۆکاری پێشکەوتنی رۆحی شۆڕشگەری لە تێکۆشان بە دژی داگیرکاری و دیکتاتۆریەت. پێویستە ئەم راستیە بزانین کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە ژێرخانێکی پتەوی فەلسەفی و پراکتیکی توانیویەتی گۆڕەپان مەیدان بگرێت و بەردەوام پەیامی یەکێتی نەتەوەکانی ئێران دەگوترێتەوە و نەتەوەکان پەیامی یەکگرتوویی دەنێرن.

ئەم دروشمانە بناخەیەکن کە بەستێن بۆ داهاتووی دیمۆکراسی لە کۆمەڵگەیەکی تۆتالیتەر و دیکتاتۆر ساز دەکات، بۆیە پێویستە ئەم داخوازیانەی گەل بە ئەساس بگیردرێن و لە سەر ئەم ئەساسە ئەرکی پەژاک قورستر و جدیتر دەبێتەوە و پێویستە پەژاک ئەرکی مێژوویی خۆی لەم دەورەدا بگێڕێت.

لە شرۆڤەی پێشوتردا بە وردی رەوشی سیاسی ناوچە و ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی لێکدانەوەی بۆ کراوە و تابلۆیەکی گشتی دەبینرێت. گرنگترین رووداو کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هاتۆتە ئاراوە، شۆڕشی ژنە کە توانیویەتی بە شێوازێکی ریشەیی هەموو هێز و تواناکانی کۆمەڵگە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و تەنانەت لە ناو کۆمەڵێک بیری جیاواز لە سەر فەلسەفە و پاڕادایمی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووچونی جیاواز دەرکەوت کە زۆر لایەن تەقەلای بەلاڕێدا بردنی ئەم دروشمەیان داوە. گرنگ ئەوە نیە چۆن لەم دروشم و فەلسەفەی ژێرخانی ئەم دروشمە نزیک دەبنەوە، گرنگ ئەوەیە کە ئەم درۆشمە توانیویەتی ببێتە هەوێنی شۆڕشێکی بنگەیین هزری لە ناوچەکە و ئەوش پێمان دەڵێت کە ئەم پارادایمە چەندە بەهێزە کە دەتوانێ هەموو ماتەوزەکانی کۆمەڵگە لە ژێر چەتری دروشمێک کۆ بکاتەوە بە بێ جیاوازیی هزری پارادیگمایەک.

پەژاک لە دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران لە ژێر درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشەنگی ژن و گەنجان، سیاسەتێکی شەفاف و روونی لەم بوارەوە نیشان دا کە هەم بە لێدوان و هەم لە بواری پراکتیکەوە لە گۆرەپانەکانی خۆپێشاندان، ئاوێتەی شۆڕشی نوێی ئەم سەردەمە بوو و تەنانەت لە سەنگەرەکانی پێشی ئەم شۆڕشە رۆڵی بەکاریگەر و پێشەنگی خۆی گێڕا. کاتێک شۆڕشی ژن لە ئێران گشتگیر بوو و تەنانەت ئەم دروشمە سنوورەکانی جوگرافیایی تێپەڕاند و لە هەموو دونیادا درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دەوترایەوە، ئەم واتایەمان بۆ دەردەخات کە پارادیگمایەک لە سەر ئەساسی بنگەیەکی راست چەندە دەتوانێت گۆڕانکاری لە گەڵ خۆی بێنێت. بۆیە گرنگە گەلی ئێمە بە شێوازێکی راست خاوەنداری لەم شۆڕشە بکات و خۆ دوورەپەرێز بگرێت لە کۆمەڵێک بواری هەستیاری نەگونجاو. لە هەمانکاتدا، بە خاوەنداریەتی بتوانێت پێشەنگایەتی شۆڕشێکی نوێی هزری و ریشەیی لە کوردستان و تەنانەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. لە نێوان هزر و ئایدئۆلۆژی پێوەندی هەبێت. هزر، بیر و رامانی گشتیە. بەڵام ئایدئۆلۆژی کۆمەڵێک هزر و بیر و رامانە کە لە هەل‌ومەرجێکی مادی کۆمەڵگەدا گونجاوە و بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە لەبەرچاو گیراوە و بە شێوازێکی دروست فورمولە کراوەتەوە. بۆیە گرنگە لە ئاوێتەکردنی هزر و پارادایگما لە کۆمەڵگەدا خولقکاری و عەقڵانی کارکردن لەبەرچاو بگیردرێت و ئەم شۆڕشە، دەتوانێت قۆناخی مێژویی بەرەو سەرکەوتن بەرێت.

گرنگی ئەم شۆڕشە نوێیە لەوەدایە کە بە شێوازێکی رادیکاڵ بارگە و بنەی وتاری رێفۆرمخوازی پێچایەوە، و زەربەیەکی کوشەندەی لە هێمای ئوپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای رێفۆرمخواز دا و تەنانەت بە کۆمەڵێک درووشمی یەکگرتویی گەلانی ئێران ئوپۆزیسیۆنی دمامکداری ئێرانی ناوەندگەرا و شۆونیزمی قاڵبداری بە حاڵەتی کیش راگرت. ئەوەش دەتوانین بڵێین کە سەرکەوتنێکی ستراتژیکە بۆ بەرەی ئازادیخواز و دیمۆکراتیک.  کۆمەڵگە خەریکە رێگەی شۆڕش دەدۆزێتەوە و بەتایبەت بە شۆڕشی ژن، رەچە شکاوە. دایکێکی گیانبەختکردوی شۆڕشی نوێ لە چلەی رۆڵە شازدە ساڵەکەی لە سەر گۆڕی ئەو لاوە دەڵێ «ئەگەر تا دوێنێ نەمدەزانی، ئەمڕۆ دەزانم کە کاروانی من و کاروانەکانی ئەم وڵاتە بۆچی دێنە سەر شەقام و سینگیان لە بەرامبەر گولەدا دەکەنە قەڵغان. ئەگەر تا دوێنێ نەمدەزانی بۆچی دەژیم و لەم دونیایە چیم دەوێ ئەمڕۆ ئاسۆ روونە. هەمووی ئێمە شیاوی ئەوەین لە دونیایەکدا بژین کە بە درووشم و ئامانجی ژن، ژیان، ئازادی و بەرابەری ئینسانەکان رازابێتەوە». ئەوە پەیامی دایکێکی جەرگ سووتاوی ئەم نیشتیمانەیە کە هاواری ئازادی و بەرابەری دەکات و لە ژێر شۆڕشی ژیانی ئازاد دا ورەی گرتووە و هەڵویستی بوێرانەی هێز و وره دەداتە هەموو دایکان و خەڵکی خولیای ئازادی و بەرابەری. بۆیە دەبینین ئەم شۆڕشە، لە ئەساسدا شۆڕشێکی هزری و پارادیگماییە و پێویستە وەک دەستپێکی رێنسانسێکی هزری لە ناوچەکە پێناسەی لە سەر بکردرێت.

رژێمی داگیرکەری ئێران بە هەموو تواناوە خەریکە خەڵک لە شەقام و مەیدانەکانی شۆڕش سەرکوت دەکات و ئەوە زیاتر لە چوار مانگە لەم ئەرکەی خۆی سەرکەوتوو نەبووە، و بە تێرۆریزەکردن و توندوتیژی زیاتر دەخوازێت پاشەکشە بە جەماوەری راپەڕیو بکات، بەڵام خەڵکی راپەڕیو بە شێوازی نوێ و جیاواز ناڕەزایەتیەکانی خۆیان لە مەیداندا بە دژی دیکتاتۆریەت تاقی دەکەنەوە و ئێستا ئەم سەرهەڵدانە لە بەر دەرگای فازێکی نوێی تێکۆشانە و کۆمەڵگە پێویستە ئەم فازەش دەرباز بکات و بەتەواوی پاشەکشە بە دیکتاتۆریەتی سەدەی بیستەم بێنێت و ئاڵترناتیڤی دیمۆکراسی و ئازادی دوای فازی کۆتایی شەڕی دەستەویەخەی گەل و دەسەڵات دەبێتە مژاری هەرە سەرەکی و شەڕی کۆتایی و دوای شکست پێهێنانی دەسەڵاتی هەنووکەیی، شەڕی زێهنیەتی سەدەی بیستم بە چەکی مودێڕنیتەی دیمۆکراتیک لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک لە ئێران، کاریگەری سەرەکی دەبێت و بە بەهای زۆر کەمتر شەڕی شۆونیزم و دیکتاتۆریەتی ناوەندگەرایی سیستەمی پەڕپووتی دەوڵەت-نەتەوەی هاوردەکراوی کلۆنیالیزمی ئەوروپایی سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت.

ئەم شۆڕشە دەتوانێت بنگە و بەستەرێکی گونجاو بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیمۆکراتیک ئامادە بکات، بەڵام گرنگە مەترسیەکانی کە لەداهاتوو دا رووبەڕووی دەبنەوە بە باشی ئانالیز و دەستنیشان بکات و رێکاری گونجاو لەبەرامبەریدا بگیردرێت. ئوپۆزیسیۆنە رەنگاوڕەنگەکانی مودێرنیتەی سەرمایەداری و کۆنەپەرەستی سونەتی کە بە بیری دەستەڵاتداری بەسەر خەڵکەوە ئامادەکاری بۆ ئاڵترناتیڤ سازی دەکەن، خۆ بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ناوزەد دەکەن، هەر لە ئێستاوە ئۆپۆزیسێۆنی دۆڕاوانی سیاسی ناوەندگەرا، خۆیان بۆ کوێخایەتی ئێرانی یەکپارچە و ناوەندگەرا ئامادە کردووە و تەنانەت کۆمەڵێک کەسایەتی خۆشخەیاڵی نەتەوەکانی چەوساوەی ئێران، پێگەیان لەم سیستمە کۆن و پەڕپووتەی ناوەندگەرا ئامادە کردووە بە خەیاڵی خاوی خۆیان، بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی داهاتوودا، بە نەوایەک بگەن، هەموو خۆشیرین کردنێک بۆ لۆمپنیزمی شۆونیزمی ناوەندگەرا دەکەن. بۆیە گرنگە بەرەی ئازادیخواز و دیمۆکراتیکی خەڵک بە تایبەت لە کوردستان، بتوانرێت بە رێکخستن بکردرێت و لەم قۆناخە هەستیارەدا بەرەیەکی بەهێزی گەلی شۆڕشگێڕ خۆی ئامادە بکات لە بەرامبەر چاوچنۆکانی ناوەندگەرای ئێرانی و کۆنەپەرەستی سونەتی، بە چەکی پارادایمیکی ژیانی ئازاد خۆیان تەیار بکەن و رێگە بە دەسەڵاتخوازانی دیکتاتۆر کە بە پەیامی دیمۆکراسیخوازی مەیدان دەگرن، لێژ بکات و ئەم قۆناخە هەستیارە مێژوییە بۆ گەیاندنی کۆمەڵگە بە ئازادی بەکار بهێنن. شەڕی ئازادیخوازیی و دیکتاتۆریەت لە مێژوودا هەبووە و بەردەوامیش دەبێت تاکوو چەوساندنەوە بنبڕ نەکردرێت، دیکتاتۆریەت هەبوونی دەبێت، ئەوە باڵانسێکە لە نێوان دیکتاتۆری و ئازادی دا، بۆیە هەرکەس کە دڵی بۆ ئازادی و یەکسانی لێدەدا، پێویستە بێلایەن نەمێنێت و لە بەرەی گەلی شۆڕشگێڕدا جێگا بگرێت و لە داڕشتنەوەی مێژووی سەروەری بەشدار بێت. ئەگەر هێزی شۆڕشگێر بە هێز و توانا لەم قۆناخەدا دەرنەکەوێت، مەترسی دووبارەبوونەوەی مێژووی چەوسانەوە و داگیرکاری لە سەر کوردستان بەردەوام دەبێت.

کۆتا قسە ئەوەیە کە ئێمە وەک کورد و ئازادیخواز لە قۆناخێکی هەستیاردا مێژوو تێپەڕ دەکەین. چاوەڕوانی قەدەر و رەوتی سیاسی نەبین چارەنووسمان بۆ دیاری بکات، کە لەم حاڵەتەدا دیسان بە بێ هەڵوێستی خۆمان مێژووی کۆیلەتی دووپات دەکەینەوە و رازی دەبین بە قەدەر، بەڵام ئاڵترناتیڤ بۆ ئەو رەوشە ئەوەیە کە بەردەوام بین لە پێداگری بەشداری و خۆبەڕێکخستن کردنی ژنان و گەنجان و بە شێوازی خۆبەڕێوەبەری. گەلی ئێمە چاوەڕوانی رووداوەکان نەبێت و بە هەموو شێوازە جیاوازەکان خۆیان بە رێکخسن بکەن و داهاتووی چارەنووسی ژیانی ئازادی خۆیان بە دەستەوە بگرن و ئیزن نەدەن وڵاتەکەیان داگیرکراو بمێنێت و هاوکات تێکۆشان بکرێت بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر دوور لە چەوسانەوە و ژیانی کۆیلەتی. ئەوەش هەڵبژاردنێکە هەر مرۆڤێک بۆخۆی دەستنیشانی دەکات و شێوازی تێکۆشینی ئازادیخوازی بۆخۆی دیاری دەکات. هەرکەسیش ئەوە باش دەزانێت کە هەر تێکۆشانێک کە ئامانجی سەرکەوتن بێت، پێویستی بە پاڕادیگمایەکی بەهێزی فکری فەلسەفی هەیە بۆ دەستنیشان کردنی رێگەو رێباز و دیتنی مەترسیەکانی سەر رێگا بە شێوازێکی روون. لەم حاڵەتەدا بە جەسارەتەوە دەڵێم دەرفەتی هەرە گونجاوی سەدە بۆ ئازادی گەلەکەمان لە پێشمانە و بە گرتنی رێبازی گونجاو، گەل و وڵاتەکەمان بەرەو داهاتوویەکی ئازاد هەنگاو هەڵدەگرێت.

سیامەند موعینی

نظرات

نظر (به‌وسیله فیس‌بوک)