موکریان ــ دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ ڕێبەندان، لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری بەختیار عەلی، نووسەر و شاعیر لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی لادرا.

پەیکەرتاشەکە دەڵێت، هەموو گەلێک چانسی ئەوەی نییە ببێتە خاوەی کەسی وەک بەختیار عەلی، بۆیە دەبێ تاوەکو لە ژیاندایە ماندووبوونەکانی بەرزبنرخێندرێن.

لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷ بەختیار عەلی خەڵاتی جیهانیی نیلی زاکس-ی لە بواری ئەدەب وەرگرت، خەڵاتەکە لەلایەن پارێزگاری شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیاوە بەو نووسەرە کوردە بەخشرا، بەو جۆرە بەختیار عەلی، ناوی چووە لیستی نووسەر و ئەدیبە نێودارەکانی جیهان.

خەڵاتی نیلی زاکس، خەڵاتێکی ئەدەبی جیهانییە، دوو ساڵ جارێک دەدرێتە ئەو کەسایەتییانەی کە لەبواری ئەدەبیاتدا جێدەستیان دیارە.

بەختیار عەلی لە ساڵی ۱۹۶۰ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. منداڵی هەر لەوێ ژیاوە، قۆناخی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام خوێندەوە و دواتر لە ناوەندی ئەزمەڕ و دواناوەندی هەڵکەوت قوتابی بووە.

لە زانکۆی سلێمانی چووەتە بەشی جیۆلۆجی و کاتێک زانکۆی سلێمانی داخراوە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر درێژەی بە خوێندن داوە.

لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەستدەکات بە نووسین و دەستپێکی بە شیعر دەبێت. ئەزموونەکانی زۆر سەرەتای لە بۆنەی جیاواز جیاوازدا فەوتاون. ئەمڕۆ تاکە بەرهەمی ئەو سەردەمە کە لە بەردەستی خوێنەراندا بێت، قەسیدەی درێژی نیشتیمانە. بۆئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیکەی هەشت مانگ لە شاری کەرەج لە کەمپێکی پەنابەراندا دەژی، بارودۆخی دژواری کەمپەکە و بێهیوایی وادەکەن بگەڕێتەوە و ماوەیەکی درێژ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بمێنێتەوە.

لە ساڵانی هەشتاکاندا قەسیدە درێژەکانی وەک «شار» و «کەرنەفاڵ» و «گوناهـ» دەنووسێت. هەر لەو ساڵانەدا و لە چیاکانی سەر سنووردا و لە گەرمەی شەڕی ئێران ـ عێراقدا دەستنووسی یەکەمین رۆمانی خۆی «مەرگی تاقانەی دووەم» ئامادەدەکات.

بەختیار عەلی لە مانگی نۆی ساڵی ۱۹۸۹ دا یەکەمین بەرهەمی لە رۆژنامەیەکی ئەو سەردەمەدا بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۰دا قەسیدە درێژی “عەشق” دەنوسێت و لە ساڵی ۱۹۹۲ دا یەکەمین کتێبی خۆی «گوناهـ و کەرنەفال» بە چاپێکی زۆر کەم و سەرەتایی بڵاودەکاتەوە.

لە بیست رۆژی یەکەمی دوای راپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱دا لەگەڵ ژمارەیەک نووسەری دیکەدا ژمارەی یەکی گۆڤاری «ئازادی» دەردەکەن. لە پاییزی ساڵی ۱۹۹۱ دا یەکەمین کۆڕی خۆی بە ناونیشانی «ئازادی لە فیکری غەربیدا» پێشکەشدەکات.

لە ساڵی ۱۹۹۶دا لەگەڵ هەمان ەۆشنبیرانی گروپی گۆڤاری ئازادیدا، گۆڤاری ەەهەند دادەمەزرێنێت.

لە ساڵی ۱۹۹۸ دا رۆمانی “ئێوارەی پەروانە” بڵاودەکاتەوە. ئیدی لەو کاتەوە خۆی بە تەواوی بۆ کاری نووسین تەرخاندەکات، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کتێبی شیعری و رۆمان و بەرهەمی فیکری نووسیووە. لە ساڵی ۱۹۸۹ـوە تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا نووسینی بڵاوکردووەتەوە.

ئێستا چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا لە شاری کۆڵن دەژی.

نظرات

نظر (به‌وسیله فیس‌بوک)

این یک مطلب قدیمی است و اکنون بایگانی شده است. ممکن است تصاویر این مطلب به دلیل قوانین مرتبط با کپی رایت حذف شده باشند. اگر فکر می‌کنید که تصاویر این مطلب ناقض کپی رایت نیست و می‌خواهید توسط زمانه بازیابی شوند، لطفاً به ما ایمیل بزنید. به آدرس: tribune@radiozamaneh.com