بۆ ڕای گشتی

لە کاتێکدا دا بەرەوپیری ٨ی ئادار دەچین کە شۆڕشی ئازادی ژن گەردوونی بووە. ئەم سەردەمە بە خۆڕاگری، یەکگرتوویی، تێکۆشان و پێداگری بۆ ئازادی ڕازاوەتەوە. فەداییان و پێشەنگەکانی شۆڕشی ” ژن ژیان ئازادی” کولتووری سەرهەڵدان و خۆڕاگری ٨ی ئاداریان گەیاندەوە واتای راستەقینەی خۆی. ئاڵای سەرکەوتنیان بەرزکردەوە و دیموکراسیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد. ٨ی ئادار، رۆژی تێکۆشان و سەرکەوتنی ژنان بوو لە بەرامبەر چەوساندنەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و پیاوسالاری جیهانی. ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە وێڕای شۆڕشی مەزنی ” ژن ژیان ئازادی”، بووەتە بەهێزترین تۆڵە لە عەقڵیەتی پیاو، دوەڵەت و سیستەمی سەرمایەداری مۆدێڕن. مرۆڤایەتی ئەم رۆژە بە فەلسەفەی ” ژن ژیان ئازادی” کە بۆتە هێمای خەبات، یەکڕیزی و سەرکەوتن پێشوازی دەکات.

دەیانویست مێشکی ژن داگیر بکەن

دەسەڵاتی ئێران ۴۵ ساڵە بە بەردەوامی سیاسەتی لە ناوبردن و نکۆڵی کردن لە کولتوور، شووناس و هەبوونی گەلان بەڕێوە دەبات، هەر بۆیە ٨ی ئادار بۆ ژنانی ئێران بایەخێکی تایبەتی هەیە. ۴۵ ساڵ لەمەوبەر کاتێک رژێمی تئۆکرات و فاشێستی، شوێنی دیکتاتۆریەتی شای گرتەوە، جارێکی تر ژنانیان کردە ئامانجی دەسەڵاتداری خۆیان. ئەوە ماوەی ۴۵ ساڵە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و هەژموونخواز هەوڵی کپکردنی وزەی بەرخۆدانی کۆمەڵگە دەدات. ساڵی ۱۹۷۹  کاتێک ژنان دەیانویست بە بۆنەی ٨ی ئادار  بڕژێنە شەقامەکان و داوای مافەکانیان بکەن؛ ڕژێمی دیکتاتۆر، هاتنە دەرەوەی ژنانی قەدەغە کرد. بەڵام لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا حکومەتی ڕژێمی ئێران، هەوڵی داوە بە ئەشکەنجە و سێدارە، ترس و خۆف لە دڵی خەڵکدا بچێنێت. دەیانەوێت بەم شێوەیە ئیرادەیان تەسلیم بکەن. دینیان کردە ئامرازی سەرەکی بۆ سەرکوتکردنی ژنان و نەتەوەکان. لەژێر ناوی حیجابدا هەموو مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانیان لە ژنان ستاند. ئەو شۆڕشەی کە بە پێشەنگایەتی ژنان پەرەی سەند، وەرچەرخا بۆ دژە شۆڕش. نەک هەر دەیانویست بە حیجابی زۆرەملی سەری ژنان دابپۆشن،  بەڵکو دەیانویست مێشکی ژنان داگیر بکەن. ئامانجیان ئەوە بوو لە ڕێگەی داگیرکردنی مێشکی ژنەوە  کۆمەڵگایەکی بێ فکر دروست بکەن کە بەدواداچوون ناکات. سیستەمی  ولایەتی فەقیه، خۆی وەک خودای سەر زەوی داناو، ژن و نەتەوە و باوەڕیە جیاکانی بە کافر ناوبردو و کۆمەڵکوژی لە سەریان بەڕێوە برد. بەڵام کولتوری ژن-دایک هەرگیز تەسلیمی عەقڵیەتی ڕەگەز پەرست نەبوو و لە ئێستادا بە زانستی کۆمەڵناسی و مێژووناسی لە مەیدانان لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران دەکەن.

“بۆ هەموو مرۆڤایەتی بوو بە هێزی ڕزگاری”

میرات و تێکۆشانی سەد ساڵەی ژنان، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ژنانی کورد، بە فەلسەفەی ‘ژن ژیان ئازادی’ بووەتە هێزی ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتی. ئەم پێشکەوتنانە ئیلهامبەخشن و هیوا دروست دەکەن وە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ پێداگری بۆ ژیانێکی مانادارتر، ژیانێکی ئازاد و گەورەتر دەکەن. بەتایبەتی ئەو خۆڕاگری و تێکۆشانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەرەی سەندووە، رەمزی بەرخۆدانی ژنان و کۆمەڵگەیە، هێمای ژیان و شوناسێکی ئازادە. “ژن ژیان ئازادی” سەلماندی کە ئەم سەردەمە سەردەمی مۆدێرنیتەی ژنانە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئیدی ژنان بۆخۆیان، مێژووی ئازادیان دەنووسن. شۆڕش و ئازادی ژن لە سەدەی بیست و یەکدا ڕوودەدات. ئەم قۆناغە، لە کەسایەتی خەباتی ژناندا، بوو بە بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. هەموو دیوارەکانی ڕەگەزپەرستی، نەتەوەپەرستی و دەین گەراییان ڕووخاند. ژنان و کەسانێک کە تینووی ئازادی و دیموکراسی بوون لە ئامێز گرت. ئەم شۆڕشە ویژدانی مرۆڤایەتی بەئاگا هێنایەوە و کولتوری بەرخۆدانی زیندوو کردەوە. چارەنووسی داسەپاوی ژێردەستیان  تێک برد و لە لایەتکی ترەوە مانا و گرنگی ژن و ژیانیان بە مرۆڤایەتی ناساند. ژن، نەتەوە و بیروباوەڕیەکان، لە سەدەی بیست و یەکدا، بە کولتووری خۆڕاگری گەلی زاگرۆس، لێپرسینەوە لە شارستانیەتی باڵادەستی پیاوسالار دەکەن. فۆرموڵی ئەفسوناوی ‘ژن ژیان ئازادی’ پەرەی بە عەقڵیەتی نەتەوەی دێموکرات دا. ئێمە بەم شۆڕشە دەڵێین: “شۆڕشی فکری”. نەتەوەی دیموکراتیک بە تاکێکی ئازاد، بە ئیرادەیەکی ئازادی سەربەخۆ، زانستێکی قووڵ و عەقڵیەتی دیموکراتیک بونیاد دەنرێت. تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادیخوازانە گەشە دەکات و هەر رۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت، بووەتە بەهێزترین بناغە بۆ بنیاتنانی “نەتەوەیەکی دێموکراتیک”. ئەو بناغەیە کە شۆڕشی ژنان دایمەزراند  گرینگ و مەزنە. هەر بەم هۆیە ئێمە دەڵێین کاتی ئەوە هاتووە کۆنفیدڕاڵیزمی ژنان بونیاد بنێین. دامەزراندنی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیکی ژنان بە مانای لەناوبردنی عەقڵیەتی نەتەوە پەرست و ئایین پەرستی رژێمی دیکتاتۆری ئێران دێت.

بەرەو لە ناوچوون دەچێت

کولتووری خۆڕاگری بە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” زیندوو بووەوە و گەڕایەوە سەر جەوهەری راستەقینەی خۆی. گەورەترین تەقینەوە بوو لە عەقڵیەتی ڕژێمی دەسەڵاتداردا. ئیدی دەوڵەت لە بەرامبەری هێز و ئیرادەی شۆڕشی ژنان بەرەو لەناوچوون دەڕوات. بە سیاسەتی هێرشکردن، ئێسکەپەیکەر (هەبوونی فیزیکی) خۆی دەپارێزێت، کە بە تێکۆشانی رادیکاڵی ژنان و گەلان، ئەم ئێسکەپەیکەرەش بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانێت خۆڕاگرێت. ئیتر کۆمەڵگە هەموو بەدیلێکی لەبەرچاو گرتووە و تا کۆتایی پێداگرە لەسەر ئازادی کە ئەوەش سەلماندنی پێناسەی چۆنیەتی ژیان کردنی کۆمەڵگەیە. بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” چارەسەری بۆ ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیک و ئازاد دەست نیشان دەکەن. لە سەدەی بیست و یەکەمدا ژنان چیتر خۆیان وەک قوربانی نابینن، بەڵکو خۆیان وەک هێزی پێشەنگی گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەبینن. خۆیان بە هێزی چارەسەری دەبینن. بە وەرگرتنی ورە لە زانستەکەیان، عەقڵیەت و سیستەمی ولایەتی فەقیه لە ریشەوە لە ناو دەبەن. ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک تەنیا بە ئازادی ژنان مومکین دەبێت. دەسەڵاتی دیکتاتۆر ویستی ژن لە گۆڕەپانەکان دوور بخاتەوە و فکر، هەست و جەستەی لە چوار دیواردا زیندانی بکات. بەڵام ژنان بە بوێریەکی مەزنەوە مەیدانیان وەک سەنگەری هاوبەشی خەبات و ئازادی هەڵبژارد. ئێستا هەرچییەک ڕووبدات، عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوسالار ناتوانێت لە بەرامبەر ژنان خۆڕاگرێت. “ژن ژیان ئازادی” بووەتە بەهێزترین چەتر کە لە ژێریدا هەموو ژن، نەتەوە و بیروباوەڕەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن و مافە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئیکۆلۆژییەکانیان بستێننەوە.

ئێمە بەم ڕۆحەوە پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین کە ژنان لە ساتەکانی ئازادیدا دەژین. ژنان بە خۆشەویستی، هیوا، بوێری و حەزکردنی ژنان بۆ ژیان، پێشوازی لە بەهارێکی نوێ دەکەن. پێویستە لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٣دا بە تێکۆشانمان مەشخەڵی ئازادی لە ڕۆژهەڵات و ئێران گەشتر بکەین و کۆتایی بە عەقڵیەتی داگیرکەری پیاوسالار لە سەر ژن و ژیان بهێنین. ئێمە بە پرۆسەیەکی هێندە هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕین کە تەنها بە ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستن، دەتوانین شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بە سەرکەوتن بگەیێنین. جارێکی دیکە ژنان و خەڵکی ئێران درکیان بەوە کرد کە تەنیا یەکگرتن دەتوانێت هێمای سەرکەوتن بێت بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە. “ژن ژیان ئازادی” بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بە شەهیدانی قارەمان و فەداییانی ئەو سەردەمە توانی ئەو پردە لە نێوان گەلان دا دروست بکات. هەموو شەقام، گەڕەک، قوتابخانە، زانکۆ، گوند و شارەکان بە تێکۆشانێکی زۆر بەهێزەوە، بە ڕۆح و زانستی ئەم شۆڕشە، بە ڕێکخستن دەکەین و شۆڕش فراوانتر و گەورەتر دەکەینەوە. هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم شۆڕشە مەزنە لە جەوهەری خۆی دووربخاتەوە. پێشەنگ و بەرگریکارانی ئەم شۆڕشە، شەهیدە گەورەکان و نوێنەرە ڕاستەقینەکانن کە لە زیندان و شەقام دا، ژیانی خۆیان دەکەن بە قەڵغان. تایبەتمەندی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە هەموو شۆڕشەکانی تر جیاوازترە. چونکە پێشەنگە ڕاستەقینەکانی ژنان و گەنجانن. ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی دواکەوتوو و نەتەوە پەرست بە عەقڵیەتی رەگەزپەرستەوە ئەم شۆڕشە بدزێت و دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت. ژنان و خەڵکی ئێران ئێستا تەنها باوەڕیان بە هێزی خۆیان هەیە، کاتێک گەلێک بە  هێزی خۆی زانی و بروای بە خۆی هەبوو، دەتوانێت دەیان دەسەڵات بڕوخێنێت. ڕژێمی هەژموونخواز لەبەر هێزی گەل وەلەرزە هاتووە. بۆیە ئەگەر دوێنێ لە گۆڕەپانەکاندا هەزاران کەس بووین، دەبێت سبەی بە میلیۆنان بین. لەبیرمان نەچێت، هێزی سەرکەوتنمان لە یەکگرتووییماندایە. پێویستە ژیانی هەر تاکێکی کورد، بەلووچ، عەڕەب، فارس، ئازەری و هتد، لە ماڵ، قوتابخانە، زانکۆ و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، تێکۆشان بۆ بەرێکخستن کردن بێت. ئەم چەند مانگە لە بەرخۆدانی خەڵک، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو مەحاڵە، لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو مردنە. ئێمە بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” بەرەو شۆڕشێکی گەورەی ژنان دەچین. ڕێپێوانی ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکردووە، هیچ بەربەستێک ناناسێت و پێداگرە لە سەرکەوتن. ڕێبەر ئاپۆ داڕێژەری فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ ڕێپێوانی ئازادی ژنە گەریلاکانی دەستپێکرد. فەلسەفەی ڕزگاری ژنانی ڕاگەیاند و تێکۆشانی ژنانی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد گەیاندە لووتکە. ژنان بە هزر و فەلسەفەی خۆیان هێز و ئیرادەیان پەیدا کرد، بە هەنگاونان بەرەو ئازادی دەستیان بە تێکۆشان بۆ رزگاری کرد. پێویستە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ ناوەندی هەموو چالاکییەکانمان بێت چونکە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی مرۆڤایەتی مسۆگەر دەبێت.

ڕێگە نادەین کەس بەرهەمی رەنجەکانمان بدزێت

ئێمە وەکوو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کژار، بەشدار دەبین لەو دەستپێشخەرییەی کە کۆمەڵەی ژنانی کوردستان ک.ژ.ک ” بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین” رایگەیاندووە. ئێمە لەو بڕوایە داین ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە، بە ئەزموونی چەندین ساڵەی ژنانی کورد دەنگی شۆڕشی ژنان بگەیەنێت بە هەموو بەشەکانی جیهان. هەموو ژنان وهەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، پێویستە تێکۆشان و شێوازی ژیانیان بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” بڕازێننەوە  و ببن بە خاوەنی خۆیان (خۆبوون). لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە و لەگەڵ دەست پێکردنی ساڵێکی نوێ، ناهێڵین هیچ ژنێک بێ رێکخستن و بێ پاراستن بمێنێتەوە. ئێمە وەک کژار خاوەن میراتێکی گەورەین. بە هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرگریی خۆمان خەباتمان بەرفراوانتر و بەهێزتر دەکەین. ڕێگە نادەین کەس بەرهەمی رەنجەکانمان بدزێت. لە کەسایەتی ژنی پێشەنگ و خۆڕاگر زێنەب جەلالیان دا، خەباتمان بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی لە بەرزترین ئاستدا دەبێت. یەکڕیزی و تێکۆشانی ژنان بەشێوەیەکی هاوبەش، پلاتفۆرم، هەرەوەزی، کۆمیتە، سیستەمی ڕێکخستن کردن و سیستەمی پاراستنی ژنان و گەشەپێدان، پلان و پڕۆژەی سەرەکیمان دەبێت. ڕژێمی دەسەڵاتدار لە هەبوونمان، لە گۆڕ و ناوی شەهیدەکانمان و لە دروشمەکانمان، ترس و خۆفێکی گەورەی هەیە. هەر بۆیە بە بۆنەی ٨ی ئادار پێویستە ژنان، لاوان و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە لە گوند و شارەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران دەنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەرز بکەنەوە. هەموو گۆڕستانی شەهیدان، هەموو شوێنێک کە خوێنی شەهیدەکانمانی تێدا ڕژاوە، هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان، بە دروشم و جەوهەری “ژن ژیان ئازادی” بڕازێنەوە. بەڵێنی بەهێزکردنی تێکۆشان و سەرکەوتن لەگەڵ شەهیدانی ئازادی نوێ بکەینەوە. جارێکی تر بە بۆنەی ٨ی ئادار بە ڕێزەوە شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی بە بیر دێنینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن دووبارە دەکەینەوە. بە بەرزکردنەوەی خەبات، بەرخۆدان و ئازادی بە دڵنیاییەوە سەردەکەون.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

٢٠٢٣/٠٣/٠٢

نظرات

نظر (به‌وسیله فیس‌بوک)